نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان داوای ئاشتبونه‌وه‌ی پێكهاته‌كانی موسڵ ده‌كات

‌فۆتۆ: یۆنامی

وێستگه‌ نیوزـ

نەتەوە یەكگرتووەكان، داوا لە سه‌رجه‌م لایەنەكانی موسڵ دەكات هەوڵی جددی بدەن بۆ ئاشتكردنەوەی پێكهاتەكانی ئەو پارێزگایە‌و به‌پێویستی ده‌زانێت ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان لە وادەی خۆیدا، كاری لە پێشینەیان بێت.

به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی نوێنه‌رایه‌تیی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عیراق (یۆنامی) كە ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی ئابی 2017 بڵاویكردووه‌ه‌ته‌وه‌، جۆرجی بوستن، جێگری نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عیراق لەگەڵ بەرپرسانی باڵای پارێزگای نەینەوا كۆبووه‌ته‌وه‌. 

بەپێی بەیاننامەكە جۆرجی بوستن، سەردانی موسڵی كردووە‌و بەجیا لەگەڵ نەوفڵ سوڵتان، پارێزگاری نەینەوا‌و بەشار كیكی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا‌و ژمارەیەك بەرپرسی تر، كۆبۆتەوە وداوای لە سه‌رجه‌م لایەنەكانی ئه‌و شاره‌ كردووە‌و هانیداون "بەردەوام بن لە هه‌وڵه‌كانیان لە پێناو ئاشتكردنەوەی پێكهاتەكانی نەینەوا و چالاكانە بەشداربن لە ئایندەیەكی باشتر بۆ عیراق”.

جەختی لەوەشكردۆتەوە كە یونامی ئامادەیە بۆ پێشكەشكردنی پشتگیرییەكانی لەو بوارەدا و داواشی لە لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە "هه‌وڵه‌كانیان چڕبكەنەوە لە پێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان لەوادەی خۆیدا‌و وەكو كارە هەرە لە پێشینەكان، مامەڵە لەگەڵ پرۆسەی هەڵبژاردنەكان بكرێت لە پێناو بەشداریكردنی گشتی‌و لێپرسینەوە‌و ئاشتەوایی”.

شاری موسڵ‌و ناوچەكانی تری پارێزگای نەینەوا، لە ئەنجامی شەڕێكی نۆ مانگی سەرەتای تەمموزی ئەمساڵ بە تەواوی كۆنتڕۆڵكرایەوە، ئەوەش دوای زیاتر لە سێ‌ ساڵ مانەوەی لەژێر دەستی داعش كە بەهۆیەوە هەزاران هاوڵاتی پێكهاتە جیاوازەكان روبەڕوی كوشتن‌و ئاوارەیی بونەوە.

شەڕی كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ، زیاتر لە یەك ملیۆن هاوڵاتی شارەكەی ئاوارە كرد‌و تائێستاش زۆرینەیان لە كەمپەكاندان ‌و نەگەڕاونەتەوە، بەهۆی دۆخی ئەمنی‌و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان.


PM:08:33:30/08/2017


ئه‌م بابه‌ته 4260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو