فەرماندەیی میحوەری دیجلە: پێشمەرگە زیانێکی زۆری بە داعش گەیاند

‌پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی داعش

وێستگه‌ نیوز ـ
فه‌رمانده‌یی میحوه‌ری رۆژئاوای دیجله‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ گوندی خه‌رائج-ی ناوچه‌ی حه‌ردان دوای ئه‌وه‌ی چه‌كدارانی داعش له‌ سنووره‌كانی پێشمه‌رگه‌ نزیك بوونه‌وه‌ و ویستیان له‌وێوه‌ به‌ره‌و سوریا هه‌ڵبێن، له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ وه‌ڵامیان درایه‌وه‌ و زیاتر له‌ 20 چه‌كداریان كوژران.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی فه‌رمانده‌یی میحوه‌ری رۆژئاوای دیجله‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌دا كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست وێستگه‌ نیوز كه‌وتووه‌، تیایدا هاتووه‌: "دوای ئەوەی لە راگەیەندراوی پێشووماندا هەواڵی تێکشکاندنی هەوڵێکی تیرۆریستانمان بڵاو کردەوە کە شەوی 27 له‌سه‌ر 28ی ئابی 2017، ژمارەیەك چه‌كداری داعش هەوڵیاندا لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە گوندی خەرائج لە ناوچەی حەردان نزیک بنەوە، بەو نیازەی بتوانن خۆیان بگەیەننە سنوورەکانی سووریا، بەڵام پێشمەرگە لێیان هاتنە دەست و لە ئەنجامدا دوو چه‌كداریان خۆیان تەقاندەوە و چەند چه‌كدارێكیان كوژران و ئه‌وانی دیكه‌ش هەڵاتن.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی فه‌رمانده‌یی میحوه‌ری دیجله‌دا ئه‌وه‌ش هاتووه‌: "بەڵام پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان بەدوای تیرۆریستاندا چوون و ژمارەیەکی تری چه‌كداری داعش کەوتنە بەر ئاگری پێشمەرگە و دوای شەڕێکی قورس، لاشەی 20 چه‌كداریان کەوتە دەست پێشمەرگە".

ئه‌وه‌ش باسده‌كات: "تیرۆریستان زیانی زۆریان بەر کەوتووە و پێشمەرگە بەدوایاندا دەگەڕێن و پشکنینی ناوچەکە بەردەوامە".

ئەمەش دوای ئەوە دێت كه‌ دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ هێزه‌ عیراقییه‌كان توانیان ته‌واوی قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر كۆنتڕۆڵ بكه‌نه‌وه‌ و ژماره‌یه‌كی زۆر چه‌كدارانی داعش له‌ رێگه‌ی تونێله‌كانه‌وه‌ خۆیان گه‌یانده‌ بیابانه‌كانی سوریا.

عەبدولئەمیر رەشید یارەڵا، فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی نەینەوا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، هێزە هاوبەشەکان توانیویانە، لە کۆی هەزار و 655 کیلۆمەتر چوارگۆشەی قەزای تەلەعفەر، بڕی هەزار و 155 کیلۆمەتر چوار گۆشەی کۆنترۆڵ بکەنەوە.

قەزای تەلەعفەر دواین گەورەترین ناوچەیە لە پارێزگای نەینەوایە کە لەژێر کۆنتڕۆڵی داعشدا مابێت، دوای‌ قەزای‌ ناوەندی‌ موسڵ گەورەترین قەزای‌ پارێزگای‌ نەینەوایە لەڕووی‌ زۆریی‌ ژمارەی‌ دانیشتوانەوە، بەجۆرێک پێش هاتنی‌ داعش نزیکەی‌ 300 هەزار کەسی‌ تێدابووە و زۆربەی‌ دانیشتوانەکەی‌ لە تورکمانی‌ شیعە مەزهەبن.

ڕووبەڕی‌ قەزاکە 28 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و سنورەکانی‌ لە باشوری‌ ڕۆژئاواوە قەزای‌ شنگالە و لە رۆژهەڵاتیەوە قەزای‌ ناوەندی‌ موسڵە بەدوری‌ 70 کیلۆمەتر و لە باکوری‌ رۆژهەڵاتەوە قەزاکانی‌ تەلکێف و شێخانە و لە رۆژئاوای‌ قەزاکەوە 60 کیلۆمەتر لە سنوری‌ سوریاوە دوورە.

رۆژی 20ی ئەم مانگە حەیدەر عەبادی‌ سەرۆک وەزیرانی‌ عیراق دەستپێکردنی‌ ئۆپراسیۆنی‌ تەلەعفەری‌ راگەیاند و ئاماژەی‌ بەوەدا، چەکدارانی‌ داعش لەبەردەم دوو بژاردەدان یان خۆبەدەستەودان یان کوژران.

سه‌عید مه‌موزینی، لێپرسراوی راگه‌یاندنی لقی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ موسڵ كه‌ به‌رده‌وام زانیاری له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگه‌وه‌ به‌ ده‌ست ده‌گات به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: هێزە عیراقییەکان كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی ته‌له‌عفه‌ریان راگەیاند له‌ ده‌ست چه‌كدارانی داعش دەریان هێنا.

وتیشی: "له‌ شه‌ڕی رزگاركردنه‌وه‌ی ته‌له‌عفه‌ردا زیاتر له‌ 500 چه‌كداری داعش كوژراون و ژماره‌یه‌كیشیان له‌ لایه‌ن سوپای عیراقه‌وه‌ به‌ دیل گیراون".

قه‌زای‌ ته‌له‌عفه‌ر له‌ دووری‌ 80 كیلۆمه‌تر له‌ رۆژئاوای‌ شاری‌ موسڵه‌وه‌یه‌ كه‌ دوای‌ 9 مانگ شه‌ڕ، هێزه‌ عیراقییه‌كان له‌ مانگی‌ ته‌مووزدا كۆنترۆڵیان كرد.

رۆژی 10ی ته‌مموزی 2017، كۆنترۆڵكردنەوەی تەواوی شاری موسڵ لەدەست داعش راگەیه‌ندرا، بەڵام تا ئێستا قەزای تەلەعفەر و هەردوو ناحیەی عیازیە و محەلەبیە و 47 گوندی دیكە بەدەست داعشەوە ماون.


PM:05:40:28/08/2017


ئه‌م بابه‌ته 3138 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو