پێشبینی هاتنی زياتر له 100 هەزار گه‌شتیار بۆسلێمانی دەکرێت

‌مسته‌فا حه‌مه‌ ره‌حیم، به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شتوگوزاری سلێمانی

وێستگه‌ نیوزـ پشتیوان جه‌مال
به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شتوگوزاری سلێمانی رایگه‌یاند، ئاماده‌كاری ته‌واو كراوه‌ بۆ هاتنی گه‌شتیار له‌ رۆژانی جه‌ژنی قوردباندا، ده‌شڵێت، "جه‌ژنی ره‌مه‌زان نزیكه‌ی 105 هه‌زار گه‌شتیار سه‌ردانی ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی سلێمانییان كردبوو، كه‌ بۆ ئه‌م جه‌ژنه‌ چاوه‌ڕوانی زیاتر ده‌كه‌ین".

مسته‌فا حه‌مه‌ ره‌حیم، به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شتوگوزاری سلێمانی به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: ئاماده‌كاری ته‌واو كراوه‌ بۆ رۆژانی جه‌ژنی قوربان و ئه‌منییه‌تی ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كان پارێزراوه‌.

وتیشی: "جه‌ژنی ره‌مه‌زان نزیكه‌ی 105 هه‌زار گه‌شتیار روویان له‌ ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی پارێزگای سلێمانی كرد، به‌ڵام بۆ ئه‌م جه‌ژنه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین ژماره‌كه‌ زیاتر ببێت، به‌وپێیه‌ی ئه‌م جه‌ژنه‌ رۆژه‌كانی زیاتره‌ و هه‌م كاته‌كه‌ی له‌ رووی كه‌شوهه‌واوه‌ گونجاوتره‌".

هاوكات، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 27ی ئابی 2017، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پشووه‌كانی جه‌ژنی قوربانی راگه‌یاند.

لەراگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ وێستگە نیوز نێردراوە، سەفین دزەیی وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگه‌یاند: بەبۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە، پیرۆزباییەكی گەرم لە خانەوادەی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان و هەموو موسوڵمانانی كوردستان و عێراق و جیهان دەكه‌ن، هاوكات راشیدەگەیەنێت بەهیوان ئەم جەژنە ببێتە مایەی بەدیهاتنی ئاوات و ویستەكانی گەلی كوردستان و بەرقەراربوونی ئاشتی و ئارامی لە كوردستان و ناوچەكەدا.

سەفین دزەیی لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەش ئاشكرا دەكات" كە بە هاوڵاتیانی خۆشەویستی هەرێمی كوردستان رادەگەیەنین، پشووی جەژن لە رۆژی پێنجشەممە 31ی ئابی2017 دەست پێدەكات و تا رۆژی سێشەممە 5ی ئه‌یلولی2017 بەردەوام دەبێت و رۆژی چوارشەممە 6ی ئه‌یلولی2017 دەوامی فەرمی دەست پێدەكاتەوە".

داڕشتنه‌وه‌ی: هه‌ستیار


PM:02:09:27/08/2017


ئه‌م بابه‌ته 3432 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو