ئاماده‌كارییه‌كان بۆ رۆژانی جه‌ژنی قوربان له‌ سلێمانی راگه‌یه‌ندرا

‌دیمەنێک لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە

وێستگه‌ نیوز ـ
ئامادەکاری بۆپێشوایکردن لە رۆژانی جەژنی قوربان دەکرێت و قایمقامی سلێمانیش رایدەگەیەنێت، ئەمنییەتی شوێنە گشتییەکان پارێزراو دەبن و سلێمانیش کراوە دەبێت بەڕووی گەشتیاراندا.

ئەمرۆ یەکشەممە 27ی ئابی 2017، لە دیوانی قایمقاممییەت به‌ سەرپەرشتی ئاوات محەمەد، قایمقامی سلێمانی و ئامادەبوونی سالار حیسامه‌دین، بەرێوەبەری گشتی کارەبای سلێمانی و دەزگا و لایەنە پەیوەندیدارەکان، کۆبوونەوەی ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازیکردن لە رۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆز بەرێوەچوو، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لە بارەی دانانی بەرنامەو رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی ئەمنییەتی شاری سلێمانی و کردنەوەی چێشتخانە و مۆڵ و شوێنە گشتییەکان بەرووی گەشتیاراندا.

پاشان لە گۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، ئاوات محه‌مه‌د قایمقامی سلێمانی وردەکاری زیاتری لەو بارەیەوە خستەڕوو و رایگەیاند: قایمقامییەتی سلێمانی بە ھەماھەنگی لەگەڵ فەرمانەگەکانی تری شاری سلێمانی لە رۆژانی جەژندا چەند تیمێکی گەرۆکی (تەندروستی، بەرگری شارستانی، ھاتوچۆ) لە چەند شەقامێکی جیاواز دادەنرێت بۆ پارێزگاریکردن لە ئەمنییەتی شاری سلێمانی و لە بازگەکانیش، گەشتوگوزار پێشوازی لە گەشتیاران دەکات.

ئاوات محەمەد، وتیشی: "سەردانکردنی لیژنە ھاوبەشەکان بۆ بازار و شوێنەگشتییەکان لە رۆژانی پێش چەژن و دواتریشدا زیاتر دەبێت کە پشکنین لەرووی تەندروستی، کوالێتی و نرخ دەکات و ئامانجیشمان لێی پاراستن ھاوڵاتیانە".

قایمقامی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو: "پێشبینی ھاتنی ژمارەیەکی زۆر گەشتیار  لە رۆژانی جەژن دا دەکەین، بۆیە چێشتخانەو  مۆڵ و شوێنە گشتی و گشتیارییەکان بەرووی میوان و گەشتیاراندا کراوە دەبن".

لە کۆتایی کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەیدا ئاوات محه‌مه‌د ئاماژەی بەئەوە کرد، کە شوێنمان بۆ ئاژەڵ سەربڕین دیاریکردوە و لە گۆڕەپانی ئاژەڵ فرۆشتن سەبڕین قەدەغەیە و داوای لە ھاوڵاتیانی شاری سلێمانی کرد کە لەو شوێنە قوربانیەکەیان سەربڕن.


PM:01:31:27/08/2017


ئه‌م بابه‌ته 3410 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو