هۆشیار عەبدوڵا: دیدی گۆڕان بۆ ده‌وڵه‌ت جیاوازه‌ له‌ دیدی پارتی

‌هۆشیار عەبدوڵا..

وێستگه‌ نیوز ـ
هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە فراکسیۆنی گۆڕان رایگەیاند، گۆڕان دەوڵەت وەک ئامانج نابینێت، بەڵکو وەک هۆکارێک بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیان دەبینێت.

لە بەرنامەی شەوی رابردووی تاوتوێی ئێن ئاڕ تی-دا هۆشیار عەبدوڵا وتی، "ئەگەر بریار بێت تێڕوانینی نەوشیروان مستەفا پێوەر بێت بۆ جوڵەی سیاسی گۆڕان، ئەوا گۆڕان لە هیچ بارێکدا لە ئێستادا ناتوانێت بچێتە ناو ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆمەوە".

ئاماژەی بەوەش کرد، دیدی گۆڕان بۆ دەوڵەت و سەربەخۆیی پەیوەستە بە چەند مەرجێکەوە کە ئێستا هیچ مەرجێک لەوانە بوونیان نییە، دیدی گۆڕان بۆ دەوڵەت جیاوازە لە دیدی پارتی.

هەروەها وتیشی: "دەوڵەت کە لەسەر بنەمایەکی سەرکەوتوو دروستنەبوو، دەبێتە باشوری سودان و خەڵک لێی رادەکات، لەبری ئەوەی ببێتە بەهەشت بۆ هاوڵاتیانی دەبێتە دۆزەخ".

راشیگەیاند: "ئەو دەوڵەتەی ئەوان دروستی دەکەن لەم حکومەتە باشتر نابێت، ئەو دەوڵەتە دەوڵەتێکی حزبی و کەسی دەبێت و ئەمانە هی دروستکردنی دەوڵەت نین".

دوێنێ شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان بە ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکیای راگەیاندووە، هەوڵدەدەن ڕیفراندۆم ئەنجام نەدرێت و دوا بخرێت بۆ کاتێکی تر لەبەر ئەوەی ئەنجامدانی لەئێستادا زیانی زۆرترە لە قازانج، بەڵام ئەگەر ئەنجامدرا ئەوکاتە هەڵوێستێکی دیکەیان دەبێت و ده‌نگی پێده‌ده‌ن.

رۆژی 7ی حوزەیران جگە لە گۆڕان و کۆمەڵ، لایەنە سیاسیەکانی دیکەی هەرێم لەگەڵ بارزانیدا کۆبوونەوە و بڕیاریاندا ڕۆژی 25 ی ئەیلول ریفراندۆم لە هەرێمی کوردستاندا ئەنجام بدرێت و ئەنجومەنێکی باڵاش بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم پێکهێنرا لە نوێنەری لایەنە سیاسییەکان.

هاوکات رۆژی 8ی ئابی 2017 جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا بۆ ریفراندۆم بە فەرمی راگەیەندرا و داوای دواخستنی ریفراندۆمی 25ی مانگی ئەیلولی کرد.


AM:08:50:27/08/2017


ئه‌م بابه‌ته 1840 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو