لیستێكی نوێ له‌ هه‌رێمی كوردستان راده‌گه‌یه‌نرێت


وێستگه‌ نیوزـ

ئه‌ندامێكی پێشوی په‌رله‌مانی كوردستان ئاشكرایكرد كه‌ لیستێکی‌ نوێ لە هەرێمی‌ کوردستان رادەگەیەنرێت و بەشداریش لە هەڵبژارنەکانی‌ ئەمساڵی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان ده‌كات.

ئارام قادر، ئەندامی‌ پێشوی پەرلەمانی‌ کوردستان بە ئێن ئاڕ تی‌ راگەیاند،  لیستێکی‌ نوێ لە هەرێمی‌ کوردستان رادەگەیەنرێت و بەشداری‌ لە هەڵبژارنەکانی‌ ئەمساڵی‌ پەرلەمانی‌ کوردستانیشدا دەکات.

وتیشی: ئەو لیستە نوێیە بە شێوەیەکە کە ئایدۆلۆژی‌ و عەلمانی‌ و ئیسلامیی‌ و سۆرانی‌ و بادینی‌ و جیاوازییەکان ناخوێنێتەوە و ئەوەی‌ گرنگە لای‌ ئەوان تەنها تاک و مرۆڤبوونە پێش هەموو شتێک، گرنگی‌ بە سەروەری‌ نیشتمانیش لە پێشینەی‌ کارەکانیان دەبێت.

ئارام قادر ئەوەشی‌ راگەیاند، لیستەکە لە کەسایەتیەکانی‌ ناو لایەنە سیاسیەکانی‌ ئێستا و پێشووی‌ کوردستان و کەسایەتییە حکومی‌ و پەرلەمانیەکان و رۆشنبیران پێکدێت و ئەوانەش دەگرێتەوە کەبەم دۆخە رازی‌ نین و حەزیان بە گۆڕانکاریی خێرایە.

ئاماژەی‌ بەوەشکرد، هۆکاری‌ دروستکردنی‌ ئەو لیستە ئەوەیە کە بارودۆخە سیاسییەکانی‌ هەرێم و ژیان و گوزەرانی‌ تاک گەیشتووەتە ئاستێک کە لەمە زیاتر بەرگەناگرێت و پێویستی‌ بەچارەسەری‌ خێرا و گۆڕانکاری‌ نوێیە و پێدەچێت ئەو لیستە ئەوانە بن کە بتوانن رۆڵی‌ سەرەکی‌ لەو گۆڕانکاریەدا ببینن.

ئارام قادر وتیشی‌، پێشبینی‌ دەکەن هێزی‌ یەکەمی‌ لیستەکە گەنجەکان و ئافرەتان بن و جەختی‌ لەوەشکردەوە، کە ئافرەت رۆڵی‌ سەرەکی‌ دەبینێت لە لیستەکەدا.

بریارە لە مانگی‌ 11ی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی‌ پەرلەمان و سەرۆکایەتی‌ هەرێمی‌ کوردستان بەرێوەبچێت و وا چاوەڕوان دەکرێت چەند لیستێکی‌ نوێ و بە شێوازێکی‌ نوێ بەشداری‌ هەڵبژاردنی‌ ئەم جارەی‌ هەرێمی‌ کوردستان دەکەن.


PM:02:11:23/08/2017


ئه‌م بابه‌ته 6924 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو