نیویۆرك تایمز: ریفراندۆم، خه‌ونه مه‌ترسیداره‌كه‌ی كورد بۆ سه‌ربه‌خۆیی
فۆتۆ: فرانس پرێس
وێستگه نیوزـ
رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز بڵاویكرده‌وه كه دوای ده‌یان ساڵ خه‌ون و خواستی كورد بۆ سه‌ربه‌خۆیی، كورده‌كانی عیراق به‌نیازن هه‌نگاوێكی سه‌ره‌كی و گه‌وره به ئاراسته‌ی ئه‌و خه‌ونه بنێن و 25ی ئه‌یلویی داهاتویان بۆ ریفراندۆم دیاریكردووه، به‌ڵام دواخستنی ریفراندۆم باشترین بژارده‌یه، چونكه تەنها بە ریفراندۆم گه‌ره‌نتیی ئه‌وه ناکرێت وڵاتێك دروست دامەزرێنرێت كه دادپه‌روه‌ریی تێدا بێت و حوكمڕانییه‌كی باش بكرێت، بەتایبەت کە ئێستا دامەزراوە دیموکراسییەکانی داخراون.
رۆژنامه‌كه له سەروتاردا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه كه ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی لێ ده‌كرێت ده‌وڵه‌تێكی لێ بێته‌كایه‌وه، ئه‌مه‌ش ره‌نگه هه‌ڵه‌یه‌ك بێت كه ته‌نگژه و ئاڵۆزی بخاته ئه‌و به‌شه‌ی جیهان كه شه‌ڕی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی تێدا ده‌گوزرێت و پاشانیش هه‌ڕه‌شه بێت بۆ یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق، بۆیه دواخستنی ریفراندم باشترین بژارده‌یه.
به‌پێی رۆژنامه‌كه، له‌زۆر رووه‌وه بۆ پێنج ملیۆن كوردی عیراق، سه‌ربه‌خۆیی هه‌نگاوی لۆژیكییه بۆ داهاتویان، به‌تایبه‌ت دوای به‌ده‌ستهێنانی مافی ئۆتۆنۆمی و نیمچه سه‌ربه‌خۆیی له‌دوای جه‌نگی كه‌نداوی یه‌كه‌م له ساڵی 1991، ئێستاش كه هێزه چه‌كداره‌كانی كورد رۆڵی سه‌ره‌كیان بینیوه له شكستهێنان به ده‌وڵه‌تی ئیسلامیی داعش، كورد به مافی خۆی ده‌زانێت ئه‌و ریفراندۆمه بكات كه ده‌مێكه به‌ڵێنیداوه پێی بگات.
كوردستان بۆ هه‌رێمێكی تاڕاده‌یه‌ك ئارام گه‌شه‌ی كردووه، به‌شی ئه‌وه‌ش چانسی هه‌بووه كه سه‌رچاوه‌ی نه‌وت و گازی هه‌یه و ئه‌وه‌ش وایكردووه بارزگانی له‌گه‌ڵ توركیا و ئێران بكات و داهاتی پێویستی ده‌ستبكه‌وێت، دوای داگیركردنی عیراق له‌لایه‌ن ئەمریکاوە له ساڵی 2003، ئه‌مریكا به‌جۆرێك كاری له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی عیراق كرد كه له ده‌ستوردا مافی ئۆتۆنۆمی كود زامن و پارێزراو بێت.
به‌ڵام وه‌ك نیویۆرك تایمز ده‌ڵێت: "كێشه‌ی جدی له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه دوو بنه‌ماڵه، بارزانی و تاڵه‌بانی ده‌ستیان به‌سه‌ر سیاسه‌تی هه‌رێمه‌كه‌دا گرتووه، گه‌نده‌ڵیش بڵاوبووه‌ته‌وه، به‌هۆی كێشه سیاسییه‌كانه‌وه په‌رله‌مان له مانگی تشرینی دووه‌می 2015ه‌وه داخراوه، مه‌سعود بارزانی نزیكه‌ی چوار ساڵه ولایه‌ته‌كه‌ی به‌سه‌رچووه و هێشتا له ئۆفیسه‌كه‌ی خۆی و له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌یه‌تی، دابه‌زینی نرخی نه‌وت و كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غداش حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی خستووه‌ته ژێر باری قه‌رزه‌وه، كه‌واته ئایا ئه‌گه‌ر عیراق و وڵاتانی درواسێی دژی ئه‌و بیرۆكه‌یه بن، كوردستان ده‌توانێت ببێته ده‌وڵه‌ت ؟"
كورد له كۆتایی جه‌نگی جیهانیی یه‌كه‌مه‌وه به‌دوای سه‌ربه‌خۆییدا ده‌گه‌ڕێت، له‌كاتێكدا كه ده‌ستوری گه‌ره‌نتیی ئه‌وه‌ی داونه‌تێ رۆڵی له حكومه‌تی فیدڕاڵی و حكومه‌تی ئۆتۆنۆمیی خۆشیان ببینن، كه‌چی كورد باوه‌ڕ به‌وه ناكه‌ن كه زۆرینه‌ی شیعه له به‌غدا دادپه‌روه‌رن له‌گه‌ڵیان، به‌ڵام ریفراندۆمیش ته‌نگژه‌یان زیاتر ده‌كات، وا ده‌كات سه‌قامگیربونی عیراق ئه‌سته‌م بێت، به‌وه‌ش بایه‌خی ئه‌مریكا و عیراق و هاوپه‌یمانه‌كانی له شه‌ڕی داعش و بنیادنانه‌وه‌ی عیراق بۆ شتێكی دیكه ده‌گۆڕێت.
هه‌ندێك له كورده‌كان خه‌ون به‌وه ده‌بینن هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بكه‌ن به یه‌ك – 30 ملیۆن كورد له توركیا و عیراق و سوریا و ئێران بخه‌نه یه‌ك وڵاته‌وه، ئه‌مه ئێستا نه‌ك ناكرێـت به‌ڵكو سه‌ركرده‌كانی توركیا و ئێران كوردستانی گه‌وره به مه‌ترسی ده‌بینن.
به‌مدواییه‌ش جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا هۆشدارییدا له‌وه‌ی ریفراندۆم "ده‌بێته‌هۆی ناسه‌قامگیری"، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق ده‌ڵێت ریفراندۆم "نایاسایی"یه، ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی كێشه‌یه‌كی دیكه سنوری ریفراندۆمه‌كه‌یه كه كه‌ركوكیش ده‌گرێته‌وه و كورد ده‌یه‌وێت كۆنتڕۆڵی بكات.
ئه‌مریكا و ئه‌وروپاییه‌كان هانی كوردیان داوه ریفراندۆم دوابخه‌ن هیچ نه‌بێت تا دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی داهاتووی عیراق، به‌ڵام بارزانی دڵنیای كردونه‌ته‌وه كه ریفراندۆم ده‌ستبه‌جێ نابێته جیابونه‌وه و مانای سه‌ربه‌خۆیی نییه، به‌ڵكو گفتوگۆكان بۆ جیابونه‌وه له عیراق له‌گه‌ڵ به‌غدا درێژتر ده‌كاته‌وه.
رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز ده‌ڵێت: "له‌م خاڵه‌دا، دواخستنی ریفراندۆم باشترین بژارده‌یه، جیابونه‌وه‌ی كورد مه‌ترسیداره به‌تایبه‌ت به‌بێ ئاماده‌كارییه‌كی ته‌واو بۆ ئه‌و پرسه، ره‌نگه ببێته‌هۆی زیاتر په‌راوێزخستنی كه‌مینه سوننه‌كان كه له‌لایه‌ن زۆرینه‌ی شیعه بێبه‌ش كراون و له‌لایه‌كی دیكه‌ش بوونه‌ته نێچیری سوننه توندڕه‌وه‌كانی وه‌ك داعش."
رۆژی یه‌ك شەممه‌ی رابردووش به‌رپرسێكی كورد به ئاژانسی رۆیته‌رزی راگه‌یاندبوو كه ره‌نگه كورد له‌به‌رامبه‌ر سازشكردنی به‌غدا بۆ داواكارییه‌كان، ریفراندۆم دوابخات.
له‌كۆتاییشدا رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز ده‌ڵێت: "مافی چاره‌ی خۆنوسین ئامانجێكه هه‌موو كه‌س لێی تێده‌گات، به‌ڵام ده‌نگدان بۆ سه‌ربه‌خۆیی گه‌ره‌نتی نییه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر ده‌وڵه‌تێك كه دروست بوو بتوانێت به دادپه‌روه‌ری و به باشی حوكم بكات، گه‌لی كورد ئه‌وه‌نده ده‌ستكه‌وتی نابێت ئه‌گه‌ر سه‌ركرده‌كانیان هه‌وڵی گه‌وره نه‌ده‌ن بۆ كارككردن و كاراكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه دیموكراتییه‌كانیان و به‌هێزكردنی ئابورییه‌كه‌یان و به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانیی عیراق و وڵاتانی دیكه، نه‌ك به ته‌نها هه‌ر خۆیان ده‌ست بوه‌شێنن."
PM:03:56:22/08/2017
ئه‌م بابه‌ته 10660
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت