نوێترین زانیاری له‌سه‌ر كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر

‌هێزە عیراقییەکان لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی تەلەعفەردا

وێستگه‌ نیوز ـ هه‌ستیار
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ جارێكی دیكه‌ هێزه‌ عیراقییه‌كان هێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر چه‌كدارانی داعش له‌ ته‌له‌عفه‌رو ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری ده‌ستپێكرده‌وه‌ و تا ئێستاش پێشڕه‌وی به‌رده‌وامه‌، به‌پرسێكی یه‌كێتیش له‌ناوچه‌كه‌ ئاشكرایده‌كات، له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ئه‌و ناوچانه‌ش له‌ ژێر ده‌ستی داعش ده‌رده‌هێنرێت.

غه‌یاس سورچی، لێپرسراوی راگه‌یاندنی مه‌ڵبه‌ندی موسڵی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و شاره‌زای ناوچه‌كه‌ به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: له‌ دووه‌م رۆژی ئۆپراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی ته‌له‌عفه‌ر، هێزه‌ عیراقییه‌كان توانیان نێوانی سه‌نته‌ری قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر و ناحیه‌ی عه‌یازییه‌و محه‌له‌بیه‌ داببڕێنن، كه‌شه‌وی رابردوو داعش هاتوچۆی پیادا ده‌كرد. 

ئه‌وه‌شی وت: "ژماره‌یه‌كی زۆری هاوڵاتی مه‌ده‌نی خۆیان راده‌ستی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و هێزه‌ عیراقییه‌كان كردووه‌، له‌ناو ئه‌و راكردوانه‌شدا ده‌یان چه‌كداری داعش هه‌بوون كه‌ ریشیان تاشیبوو ده‌یانویست له‌و رێگه‌یه‌وه‌ خۆیان ده‌رباز بكه‌ن، به‌ڵام له‌ لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه‌ ده‌ستگیركراون".

روونیشیكرده‌وه‌: تا ئێستا 11 گوند كۆتڕۆڵ كراونه‌ته‌وه‌ ته‌نیا ناو سه‌نته‌ری قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر ماوه‌، ئه‌ویش چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا هه‌رسێ قه‌زای ته‌له‌عفه‌رو ناحیه‌ی عه‌یازییه‌و محه‌له‌بیه‌ له‌ ده‌ستی داعش ده‌ربهێنرێت و ته‌واوی سنووری پارێزگای نه‌ینه‌وا له‌ داعش پاكده‌كرێته‌وه‌، چونكه‌ داعش به‌رگری زۆر لاواز بووه‌.

له‌ باره‌ی ژماره‌ی چه‌كدارانی داعشه‌وه‌ له‌ ناو قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر، غه‌یاس سورچی وتی: "به‌پێی زانیارییه‌كانی ئێمه‌ كه‌له‌ سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستمان كه‌وتووه‌، نزیكه‌ی هه‌زار بۆ هه‌زار و 500 چه‌كداریان له‌ سنووری ئه‌و قه‌زایه‌ ماوه‌، كه‌ زۆربه‌یان توركمانی قه‌زاكه‌ن له‌گه‌ڵ كه‌مێك عه‌ره‌بی ناوچه‌كه‌و چه‌كداری بیانی".

روونیشیكرده‌وه‌: "ئێستا ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌می كورده‌كان له‌ ناو داعشدا ماون، چونكه‌ پێشتر به‌شێكیان له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ كوژران، هه‌ندێكیشیان به‌ تۆمه‌تی جۆراو جۆر له‌ لایه‌ن داعشه‌وه‌ كوژران و به‌شێكیشیان یان هه‌ڵهاتن یان گه‌ڕانه‌وه‌ هه‌رێم و خۆیان ته‌سلیم كرده‌وه‌".

له‌ باره‌ی پێشمه‌رگه‌ دیله‌كانه‌وه‌ ئه‌و به‌رپرسه‌ی یه‌كێتی وتی: "هیچ زانیارییه‌كمان له‌و باره‌وه‌ نییه‌، ده‌نگ هه‌یه‌ برابنه‌ سوریا، به‌ڵام زانیاری باوه‌ڕپێكراونین، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ئاگاداربین ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ شه‌هید كراون".

بەرەبەیانی رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 20ی ئابی 2017، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عیراق بە فەرمی دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی تەلەعفەری دەستپێکرد و هاوشێوەی ئۆپراسیۆنەکانی دیکە وتی: "داعش دوو بژاردەی لەبەردەمدایە یان خۆ بەدەستەوەدان یان مردن".

عەبادی لە تەلەفزیۆنی فەرمی عیراقەوە بە هێزە عیراقییەکانی وت "هەموو جیهان لەگەڵ ئێوەدایە."

پێشتر موئەیەد جەبەل جاسم، فەرماندە لە هێزەکانی عیراق لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکەوە رایگەیاندبوو، "پێشڕەوییەکانمان قۆناخ بە قۆناخ دەبێت، واتا هەنگاو بە هەنگاوە، سەرەتا گوندەکانی دەورووبەری تەلەعفەر رزگاردەکەین، دواتر هێرشی کۆتایی دەستپێدەکەین و دەچینە ناو تەلەعفەر، بە ویستی خوا تیرۆرستان لەناودەبەین".

رۆژی 10ی ته‌مموزی 2017، كۆنترۆڵكردنەوەی تەواوی شاری موسڵ لەدەست داعش راگەیه‌ندرا، له‌ ئێستاشدا قەزای تەلەعفەر و هەردوو ناحیەی عیازیە و محەلەبیە و ژماره‌یه‌ك گوندی دیكه‌ بەدەست داعشەوە ماون.

تەلەعفەر، دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای عیراق و رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا، رووبەرەکەی 28 کیلۆمەترە، بەپێی ئاماری وەزارەتی بازرگانی عیراق لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2010 دا، ژمارەی دانیشتووانەکەی 281 هەزار کەس بووە، زۆربەی دانیشتووانی تەلەعفەر تورکمانن، زۆریان تورکمانی سوننە و بەشەکەی دیکەشیان شیعەن، هاوکات کورد و عەرەبیشی تێدا دەژین.


AM:10:20:22/08/2017


ئه‌م بابه‌ته 2452 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو