ناسنامه‌ی هێرشبه‌ره‌كه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ ئاشكرا بوو

‌ئه‌بویه‌عقوب

وێستگه‌ نیوزـ

پـۆلیسی شاری به‌رشه‌لۆنه‌-ی ئیسپانیا رایگه‌یاند ئه‌و تۆمه‌تباره‌یان ئاشكراكردووه‌ كه‌ هێرشە خوێناویـیەکەی ڕۆژی پـێنجشەممەی رابردوو 17ی ئابی 2017ی ئەنجامدا.

هێرشبه‌ره‌كه‌ بە ئۆتۆمبیلێـکی ڤان لە شه‌قامێكی قەرەباڵغی شاری بەرشلۆنە دەیان کەسی کرد بە ژێرەوە و لە ئاکامدا 15 کەس گیانیان لەدەستدا و دەیانی دیکەش برینداربوون.

ئەمڕۆ دووشەممە 21ی ئابی 2017، پۆلیسی به‌رشه‌لۆنه‌ له‌ دەزگاکانی راگەیاند و هه‌ژماری تویتەری فەرمی خۆی داوای لە خەڵکی شاره‌كه‌ كرد کرد ئەگەر زانیاریـیان هەیە لە بارەی کەسێـک بە ناوی "یونس ئەبو یەعقوب" تەمەن 22 ساڵ لە ڕێگەی پۆلیس ئاگادار بكه‌نه‌وه‌. 

پۆلیسی به‌رشه‌لۆنه‌ چەند وێنەیەکی ئه‌بویه‌عقوبیشی بڵاوکردووەتەوە و هۆشداریی داوە کە تۆمه‌تباره‌كه‌ کەسێـکی مەترسیدارە و ڕەنگە چەکداریش بێت، دەشڵێن ناوبراو پاش ئەنجامدانی تاوانەکەی پـیاوێـکی بە چەقۆ کوشتووە و ئۆتۆمبیلەکەی بردووە و هەڵهاتووە، پـۆلیس بە دوری نازانێت ئه‌بو یه‌عقوب بە قاچاخ بەرەو فەڕەنسا هه‌ڵاتبێت.

لە لایەکی دیکە یواکیم فۆرن، بەرپـرسی کاروباری ناوخۆ لە حکومەتی هه‌رێمی کاتالۆنیا رایگەیاند کە لە ئێستادا گەڕان بە دوای ئه‌و تۆمه‌تباره‌ بە ڕەچەڵەک مەغربیـیە، هەموو وڵاتانی دیکەی ئەوروپای گرتووەتەوە.

هاوكات سایتی ده‌یلی مه‌یڵی به‌ریتانی زانیاریی له‌ كه‌سوكاری ئه‌بویه‌عقوب بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و ئه‌وان رایانگه‌یاندووه‌ كه‌ به‌مدواییه‌ یونس توندڕه‌وتر بووه‌، ته‌نانه‌ت ته‌وقه‌شی له‌گه‌ڵ كچه‌كانی خزمیشی له‌ ئامۆزا و پورزا و خاڵۆزا نه‌كردووه‌.

هەر لە هەواڵەکەی سایتی دەیلی مەیڵدا هاتووە دایکی ئەبویەعقوب (کە لە وێنەی حەوتەمی ئەم هەواڵەدا دەرکەوتووە) داوای لە کوڕەکەی کردووە لەپای ئەو کارەی خۆی رادەستی پۆلیس بکات.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ده‌نگۆی جیاواز سه‌باره‌ت به‌ چاره‌نوسی ئه‌بو یه‌عقوب بڵاوبووته‌وه‌ و هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ ده‌ڵێن كه‌ كوژراوه‌ و هه‌ندێكی دیكه‌ش ده‌ڵین ده‌ستگیركراوه‌.

رۆژنامه‌ و میدیاكانی ئیسپانیا له‌زاری به‌رپرسانی ئه‌منیی وڵاته‌كه‌یان بڵاویانكردووه‌ته‌وه‌ پۆلیس كه‌سێكی كوشتووه‌ كه‌ پشتێنێكی بۆمبڕێژكراوی به‌ستووه‌ و روداوه‌كه‌ش له‌ناوچه‌ی سوبیراتس-ی خۆرئاوای به‌رشه‌لۆنه‌ رویداوه‌، لێكۆڵینه‌وه‌كانیش وتویانه‌ كه‌ له‌وانه‌یه‌ كوژراوه‌كه‌ ئه‌بویه‌عقوب بوبێت.


PM:06:05:21/08/2017






















ئه‌م بابه‌ته 4806 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو