كەنەدا... هۆشیاری دەداتە ئەو كۆچبەرانەی كە بە نایاسایی دێنە ئەو وڵاتەوە

‌جەستن ترودۆ

وێستگە نیوز-

جەستن ترودۆ سەرۆك وەزیری كەنەدا رایگەیاند، هیچ هەلێك نیە بۆ ئەو كەسانەی كە بەشێوەیەكی نایاسایی دێنە ناو وڵاتەكەیانەوە.

سەرۆك وەزیری كەنەدا لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسیوویەتی و تیایدا بەخێرهاتنی پەنابەرانی سوریا دەكات و جەختیش دەكاتەوە كە بەهیچ شێوەیەك هەل بۆ ئەو كۆچبەرانە نیە كە بەنا یاسایی دەچنە كەنەداوە.

دوای كۆبوونەوەكەی لەگەڵ لیۆ ڤارادكار هاوتا ئێرلەندییەكەی ، جەستن ترودۆ بە رۆژنامەوانانی راگەیاند " كەنەدا وڵاتێكی كراوەیەو بەخێرهاتنی خەڵكانی دیكە دەكات، بەڵام با بەڕوونی پێتان بڵێم، ئێمەش وڵاتێكین یاسا پەیڕەو دەكەین، هاتنە ناوەوە بۆ كەنەدا بەشێوەیەكی نایاسایی قبووڵ نیە، یاسای توند هەیە سەبارەت بە كۆچ و گومرگ كە دەبێت پەیڕەوی بكرێن، هیج گومانێك لەوەدا نیە".

ئەم لێدوانەی ترودۆ لەكاتێكدایە، كە هەفتەی رابردوو سەرژمێرییەكی حكومەتی كەنەدا دەریخست، كە ژمارەی ئەو كۆچبەرانەی بەشێوەیەكی نایاسایی لە ئەمەریكاوە هاتوون بۆ كەنەدا لەمانگی حەوتدا سێ هێندە زیادیكردووە.

حكومەت لەو سەرژمێرییەیدا ئاماژەی بەوەشكردووە، ژمارەی كۆچبەران كە هاتوونەتە ناو كەنەداوە لەمانگی شەشدا 884 پەنابەر بوون، بەڵام لە مانگی حەوتدا زیاتر لە 3100 كەس بەشێوەیەكی نایاسایی هاتوونەتە كەنەداوەو داوای مافی پەنابەرێتیان كردووە و دەستگیركراون.


AM:08:47:21/08/2017


ئه‌م بابه‌ته 3256 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو