عێراق... داوا دەكرێت بەڕێوبەری سۆمۆ لە كارەكەی لاببرێت

‌كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوت سۆمۆ

وێستگە نیوز-

پەرلەمانتارێكی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوا لە حەیدەر عەبدای دەكات بەڕێوەبەری كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق ناسراو بە سۆمۆ لە كارەكەی دوور بخاتەوە.

لەوبارەیەوە ماجد شنگالی لەسەر فراكسیۆنی پارتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دوا لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای سۆمۆ بگۆڕێت و كۆمانیاكەی بەشورایەكی داخراو ناوبردووەو ئاماژە بەوەدەكات "ساڵانە بە بەهای ملیارەها دۆلار رێككەوتن و گرێبەستی دارایی و بازرگانی ئیمزا دەكات، بێئەوەی كەس هیچ زانیارییەكی لە بارەیانەوە هەبێت".

لە راگەیەندراوێكدا ئەو ئەندام پەرلەمانە راشیدەگەیەنێت، هەندێك بەڕێوەبەری گشتی هەن، كاتیان بەسەرچووەو زیاتر لە 8 ساڵە لەو پۆستانەدان و ژمارەیەكیان نزیكەی 10 ساڵە بەرێوەبەری گشتین، یەكێك لەوكەسانە بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای سۆمۆی نیشتمانییەو رێگەی بەگەندەڵی و بەهەدەردانی سەروەت و سامانی دامەزراوەكە لەبەرژەوەندی حزبەكان داوەو جیاكاری دەكات".

هەروەها دەشڵێت، پاكی و لێهاتوویی زۆر گرنگە بۆ ئەو كەسانەی پۆستە گرنگەكان بەرێوەدەبەن، بەڵام مانای ئەوە نییە ئەو كەسە هەموو ئەو ماوەیە لەپۆستەكەیدا بمێنێتەوە، لەكاتیكدا تواناو لێهاتوویی زۆر لە وڵاتدا هەیەو نابێت پۆستەكان لەكەسێكدا كورتبكرێنەوە.

ماجد شنگالی لەدرێژەی راگەیەندراوەكەیدا، داوا لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران دەكات، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای سۆمۆ بگۆڕدرێت و چاكسازیی لەناو كۆمپانیاكە جێبەجێ بكات، چونكە خودی عەبادی بەڵێنیدابوو سەرجەم دۆسیەكان بكاتەوەو هەموو گرێبەستەكانی رابردووش بخاتە بەردەستی لیژنەیەكی حكومی و پەرلەمانیی.

پێویستە بوترێت رۆژی 17ی نیسانی رابردوو، عەلی فەیسەڵ فەیاز، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وتبووی "تەمومژێك لەكۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" هەیەو پێویست نییە سیاسەتی دارایی وڵات لەدەستی كۆمپانیایەكی مامناوەند بێت و لەلایەن بەڕێوەبەری گشتییەوە بەڕێوەببرێت.


PM:03:04:19/08/2017


ئه‌م بابه‌ته 3597 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو