په‌یامی قوباد تاڵه‌بانی بۆ یادی دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان

‌قوباد تاڵەبانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان

وێستگه‌ نیوزـ

لە یادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و هیوای خواست "ئەو یادە ببێتە وێستگه‌ و گۆناغێکی نوێی خه‌باتی نیشتمانی."

قوباد تاڵەبانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان له‌ پەیامەکەیدا كه‌ ئاراستەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی و نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی و سەرکردایەتیی ئه‌و حزبه‌ كردووه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان لە رابردوو هێزێكی کاریگەر بووە، ئێستاش بە هەمان گیانی نەتەوەییەوە تێدەکۆشێت شانبەشانی لایەن و حزبە کوردستانییەکانی دیکە لەپێناو دانانی بناغەیەکی پتەو بۆ ستراتیژێکی نیشتمانی و بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی و ئارامی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان".

دەقی پەیامەکە قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:

بەڕێز جەنابی کاک مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
بەڕێزان سەرکردایەتی و ئەندامان و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان
 
بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان-ەوە، گەرمترین پیرۆزباییتان ئاڕاستە دەکەم و هیوای گەشەکردن وسەرفرازیتان بۆ دەخوازم و خەباتی دانەبڕاوەی حزبتان لە پێناو مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان، بەرز دەنرخێنین.

بەڕێزان..

پارتی دیموكراتی كوردستان، وەك چۆن لە ڕابردوو هێزێكی کاریگەر بووە وهەر لەسەرەتای هەڵگیرسانی شۆڕشەکانی گەلی کوردستان لەپێناو سەندنەوەی مافە زەوتکراوەکانمان، خەباتی کردووە، ئێستاش بە هەمان گیانی نەتەوەییەوە تێدەکۆشێت شانبەشانی لایەن و حزبە کوردستانیەکانی تر لەپێناو دانانی بناغەیەکی پتەو بۆ ستراتیژێکی نیشتمانی و بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی و ئارامی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، کە ئەمەش جێگەی تەقدیرە.

هیواخوازین ئەم یادەی دامه‌زراندنی پارتی، ببێتە وێستگه‌یه‌ك و قۆناخێکی نوێی خه‌باتی نیشتمانی هەموو لایەنەکان بۆ سه‌رخستنی ئەو ئامانجانەی  لەپێناویاندا قوربانیەکی زۆرمان داوە.

دووباره‌ پیرۆز بێت یادی دامەزراندی پارتی دیموکراتی کوردستان..

درود بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی رێی ئازادی و ڕزگاری گەلەکەمان..
 
قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆکوەزیران
16ی ئابی 2017


PM:01:34:16/08/2017


ئه‌م بابه‌ته 3107 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو