جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە دەنگۆیەك رەتدەكاتەوە

‌جەبار یاوەر لەگەڵ تیمی راوێژكارانی هەریەك لە وڵاتانی ئەمریكا و بەریتانیا و ئەڵمانیا

وێستگە نیوز- دانیار فاروق

جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان، سەرجەم ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوە كە گوایە باس لە بڕینی ئەو بڕە هاوكاریە كراوە، كە حكومەتی ئەمریكا پێشكەشی بەشێك لە هێزەكانی پێشمەرگەی كردووە و دەكات.

ئەم وتانەی جەبار یاوەر لەمیانەی كۆبوونەوەی لەگەڵ تیمی راوێژكارانی هەریەك لە وڵاتانی ئەمریكا و بەریتانیا و ئەڵمانیا دێت، لەكۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ریفۆرمی وەزارەتی پێشمەرگە و خاڵە سەرەكیەكان و كارە عەمەلیەكانی تیمەكان بەووردی باسیان لێوەكرا هەروەك باس لە گرفت و ئاستەنگیەكان كراو نەخشەی چارەسەركرنیان بۆ داڕێژرا.

پاشان فەریق جەبار یاوەر بوونی ئەم تیمانەی بە داینەمۆی پڕۆسەی ریفۆرمی وەزارەتی پێشمەرگە وەسفكردو دوای لە وەفدی راوێژكارانی بەریتانیا و ئەمریكا و ئەڵمانیا كرد، هەولبدەن زۆرترن شارەزاو پسپۆر لەبواری ریكخستنەوەو پێشخستنی هێزەكان بهێننە هەریمی كوردستان تابتوانن پێكەوە خاڵ بە خاڵی پڕۆژەكە بەسەركەوتووترین شێوە جێبەجێ بكەن.

هاوكات فەریق جەبار یاوەر سەرجەم ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوە كە گوایە باس لە بڕینی ئەو بڕە هاوكاریە كراوە، كە حكومەتی ئەمریكا پێشكەشی بەشێك لە هێزەكانی پێشمەرگەی كردووە و دەكات و ئاماژەی بەوەشكرد" ئەمریكا و هاوپەیمانان جەختیان لە بەردەوامی هاوكاریەكانیان كردۆتەوە بۆ هێزەكانی پێشمەرگەو بۆ سەلماندنی ئەو راستیەش هاوكاریەكانی ئەمریكا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە لەبوارەكانی مەشق و ناردنی چەك و تەقەمەنی و پشتیوانی ئاسمانی و بونی راوێژكارانی هاوپەیمانان لە وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە بە بێ هیچ كەموكوریەك و ئەو بەشە كۆمەكەی حكومەتی ئەمریكا كە بڕی 415 ملیۆن دۆلارە و مووچەی بەشێك لە هێزەكانی پێشمەرگە و سوتەمەنی بەشێك لەو هێزانەی لە شەڕدان پێی دابین دەكرێت تا ئەم ساتەش بەردەوامە.


AM:11:59:16/08/2017


ئه‌م بابه‌ته 3318 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو