وتەبێژی موقتەدا سەدر: ناکۆکی نێوان هێزە شیعیەکان ناگاتە دەستبردن بۆ چەک

‌موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر

وێستگە نیوز_

وتەبێژی موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر ئاماژە بەوە دەکات، ئەو ئەنجامەی لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا بەدەستیانهێناوە، چاوەڕوانکراو بووە، دەشڵێت، "ناکۆکی نێوان هێزە شیعیەکان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن، ناگاتە پێکدادان و دەستبردن بۆ چەک".


سەڵاح عوبەیدی، وتەبێژی موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر، بە بەشی کوردی دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە، "چاوەڕێی باشترمان دەکرد لەو ئەنجامەی بەدەستمانهێناوە، ئێستاش هەندێک لە کاندیدەکانمان هەست دەکەن، وردی نەبووە لە ژماردنی دەنگەکاندا، بۆیە تانە و سکاڵایان پێشکەشی کۆمیسیۆن کردووە و چاوەڕێی ڕێوشوێنی یاسایین".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەو کورسیانەی ڕەوتی سەدر بەدەستیهێناوە، بۆ ڕەوتەکە و هەموو کوتلەکانی تریش، چاوەڕوانکراوبوو، هەست دەکەین ئەنجامەکە باشبوو، شکور بۆ خوا".

لەبارەی ڕەتکردنەوەی ئەنجاکی هەڵبژاردن لەلایەن بەشێک لە هێزە شیعیەکانەوە، وتەبێژەکەی موقتەدا سەدر، وتویەتی،"ئەو هێزانەی سەرکەوتوونەبوون لەم هەڵبژاردنەدا، بەهەمان ڕێگەی هەڵبژاردنەکانی تر هاتنە نێو پرۆسەکەوە، بۆیە ورد نەبوون لە میکانیزم و ڕێوشوێنەکاندا، بەتایبەت لەم هەڵبژاردنەدا، شێوازی هەڵبژاردن بۆ بازنەی بچوک گۆڕابوو، ڕکابەری لەنێوان کاندیدەکاندا بوو، بۆیە داوای دووبارە خوێندنەوەی دەنگەکان دەکەن."

ناکۆکی نێوان هێزە شیعیەکان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن گەیشتووەتە ئاستێک، لەسەر ئاستی شەقامی عێراقی مەترسی ڕوودانی پێکدادان دروستبووە، لەو بارەیەوە سەڵاح عوبەیدی وتی،"هێزە شکستخواردووەکان گەیشتوونەتە ئەم ئاستە، بۆیە هەڕەشە و چاوسورکردنەوە دەرکەوتووە، بەڵام لایەنە سیاسیەکان خەریکی تانە و پەڵپ گرتنن لە ئەنجامەکانیان، دەستبردن بۆ چەک ئەگەرێکی دوور و چاوەڕواننەکراوە".

سەبارەت بەهەوڵەکانی ڕەوتی سەدر بۆ پێکهێنانی حکومەت و هاوپەیمانێتیکردن لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا بۆ ئەو مەبەستە، کە پێشتر لە بەشێک لە میدیاکان بڵاوکرایەوە، سەڵاح عوبەیدی وتەبێژی فەرمی موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر وتی،"ڕانەسپێردراوم لەسەر ئەمە قسە بکەم، چونکە هێشتا چاوەڕێی ئەنجامەکان بەتەواوەتی دەکەین، ئەم مەسەلەش قابیلی گفتووگۆ و موناقەشەیە".


PM:09:31:13/10/2021


ئه‌م بابه‌ته 5720 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت