مەکتەب سیاسییەکی یەکێتى ڕەخنە لە وەزیرى پێشمەرگە دەگرێت

‌شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە


وێستگەنیوز-

سەعدى ئەحمەد پیرە، ئەندامی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتى رایگەیاند، نەدەبوو وەزارەتی پێشمەرگە لەدەرکردنی بەیاننامە لەسەر رووداوەکەی چیای مەتینا و شەهیدکردنی پێشمەرگە پەلەبکات و رووداوەکە بخاتە ئەستۆی پەکەکە، چونکە هێشتا رووداوەکە ناڕوونە و ""من بەدورى دەبینم ئەم بەیانە وەزیر دەریکردبێت و پێویست نەبووە".

سەعدى ئەحمەد پیرە بەمیدیای فەرمی حزبەکەی راگەیاندوە، "ناكرێت دامەزراوە ڕەسمییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ململانێكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و پارتی كرێكارانی كوردستان تێوەبگلێنرێن، دەبێت ئەو دامەزراوانە ڕۆڵی هێوەركردنەوەی دۆخەكە بگێڕن".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەركی هێزە سیاسییەكانە دەستپێشخەری بكەن بۆ كۆتایهێنان بە ئاڵۆزییەكانی ناوچەی مەتینا لە ئامێدی.

سەعدى ئەحمەد پیرە لەبارەی بەیاننامەکەی وەزارەتی پێشمەرگە و تۆمەتبارکردنی پەکەکە لەرووداوەکەدا باسی لەوەکرد، "وەزیرى پێشمەرگە وەزیرى هەموو پێشمەرگەیەکە پێویستە لەسەر شەهیدبونى پێشمەرگە بێتەدەنگ بەڵام ناکرێت بەیاننامە دەربکرێت بەنیەتى خۆشکردنى ئاگرەکە،  من بەدورى دەبینم ئەم بەیانە وەزیر دەریکردبێت و پێویست نەبوو، بەڵکو دەتوانرا بەوردى لەرووداوەکە بکۆڵرێتەوە لەبارەى ئەوەى پێشمەرگەکان چۆن شەهیدبوون چونکە ئەگەر گوێ لەکەسوکارى شەهیدەکان و بریندارەکان رابگریت دەردەکەوێت تا ئێستا رووداوەکە ناڕوونە".  

ئاماژەی بەوەشکردوە، "دەبوو وەزارەتى پێشمەرگە ئەوەندە پەلەنەکات، وەزیرى ناوخۆ هەراسان بووە بەهۆى لەگرێژە دەرچوونى دۆخى ئەمنى، بەڵام لەو دۆخەدا کەسایەتییە ئەمنییەکان قسەیان ناخوات و فەرماندە سەربازییەکان قسەیان سوار دەبێت".  

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان باسی لەوەشکردوە، "هیچ کەسێک نابێت حەسودى بە دۆخى ئێستاى پارتى ببات، دەمێکە تا نزیکى سۆران و بەعشیقە ئاسیاسێل و کۆڕەک کارناکەن، تەنها تورک سێڵ کاردەکات، واتە تەنها شەقامە سەرەکییەکان رەنگە بەدەست حکومەتى هەرێمەوە بێت، بەشى زۆرى ناوچەکانى تر هێزى تورکیاى لێن.. ئێستاش دۆخەکە گەیشتووەتە ڕادەیەک هەموو کەس هەست بە مەترسی و هەراسانى دەکات، کاتى ئەوەهاتووە پارتى و پەکەکە گفتوگۆ بکەن بۆ چارەسەرى کێشەکان".

ئەوەش لەکاتێکدایە رۆژی شەممە 5-6-2021، وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ژمارەیەک چەکداری پەکەکە هێرشیان کردوەتە سەر هێزێکی پێشمەرگە لە چیای مەتینا لە دەڤەری ئامێدی، بەپێی ئاماری وەزارەتی پێشمەرگە، بەهۆی هێرشەکەوە پێنج پێشمەرگە شەهید و حەوتی دیکەش برینداربون.


PM:11:16:10/06/2021


ئه‌م بابه‌ته 8308 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو