عەتا سەراوی: هەڕەشەم لێکراوە و هەموو شتێک ئاشکرادەکەم

‌عەتا سەراوی ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان

وێستگەنیوز-

عەتا سەراوی ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایگەیاند، دوای ئەوەی دوێنێ نامەیەکی لەبارەی خراپی دۆخی خەڵکی کوردستان، پێشمەرگە و کەس و کاری شەهیدان و ئەنفالکراوان ئاڕاستەی هاوسەرۆکانی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی کردوە و داوایکردوە پێویستە یەکێتی لەسەر پرسی موچە، لامەرکەزی، دۆسیەی یەکخستنی پێشمەرگە و نەوت بڕیاری یەکلاییکەوە بدات، لەسەر نامەکە " هەڕەشەم لێکراوە و من پێشووتریش وتوومە ئەگەر بڕیاری یەکلاییەکەرەوە بۆ چارەسەری کێشەکان نەدرێت، هەموو شتێک ئاشکرادەکەم".

عەتا سەراوی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبەرنامەی تاوتوێ کەناڵی ئێن ئاڕتی رایگەیاند، "یەکێتی لەساڵڕۆژی دامەزراندنییەوە هێزێکی فڕەنگ و لەپەروەردەکردنی کادیرانیدا هەمیشە مرۆڤی ئازادی دروستکردوە، ئەگەر گەلێکیش تاکەکانی لەسەر ئازادی پەروەردە نەکات، هەرگیز ناتوانێت خۆی رزگاربکات و پێشڕەوایەتی نەوەتەوەیەک بکات، بەداخەوە دەڵێم دوای نەخۆشکەوتنی مام جەلال یەکێتی لەو پڕەنسیپانەی لایداوە و کۆنگرەی چواریش ئومێدێک بوو بۆ گەڕانەوەمان بۆ شاڕێگای ئەو بەڵێنانەی بەخەڵکمان دابوو".

پەیوەست بەو نامەیەش کە دوێنێ ئاڕاستەی هاوسەرۆکانی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی کردوە ئاماژەی بەوەکرد، "کاک بافڵ، کاک قوباد و کاک لاهور سێ هاوڕێ و هەڤاڵی خۆشەویستی منن و ئەوان دوای ئەوەی  ساڵی 2000  گەڕاونەتەوە کوردستان کە ماوەی 21 ساڵە من لەگەڵیان بووم و ئەوەی پێم کرابێت بۆ سەرکەوتنی ئەوان کردوومە، بەڵام بەڕاستی لەدوای کۆنگرەوە ئەوان وەک نەیار و دوژمن مامەڵە لەگەڵ من دەکەن وەک ئەوەی بڵێی من نەیار دوژمنیانم، لەکاتێکدا ئەوە حزبی منە و تەمەنم لەسەر داناوە و 75 شەهیدم هەیە".

باسی لەوەشکرد، "نیگەرانی من لەپشگوێخستنی خەمەکانی خەڵکی کوردستان، کەس و کاری شەهیدان و پێشمەرگەیە و من هیچ کێشەیەکی ژیانی خۆمم نیە، بەڵام ئێمە خەڵکمان بەکوشتداوە و بەرپرسین لەگیانی خەڵک و هەرچی ئیسلامی سیاسیە دوژمنی ئێمەیە، پارتی نەیاری سەرسەختی ئێمەیە، تورکیا نیوەی خاکی ئێمەی داگیرکردوە و دۆخی ئابوری و نەوت و دۆخی کەرکوک چی لێ هات، سەدان بەڵێمان بەخەڵک داوە ئێمە خوێندکاری مام جەلال و کاک نەوشیروان  فێرنەبووین درۆ لەگەڵ خەڵک بکەین".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی ئەوەشی خستەڕو، "داوامکردوە وەڵامی من بدەنەوە کە دەڵێم برادەرینە ئێوە وەفادار نەبوون بۆ بەڵێنەکانتان خەڵک گلییەمان لێ دەکات، کاک لاهور سۆشیال میدیای بەرداوەتە من تۆمەتم بەرامبەر بڵاودەکاتەوە و جنێوم پێدەدەن دەست و دایرەکەی، من بەخۆم هەموو کەس و کارەکەمەوە دێینە بەر دەرگاکەی تۆ ئەگەر لە 41 ساڵی رابردو لەم کوردستانەدا کەسێک هەبوو بتوانێت تۆمەتێک یان خیانەتێک لەسەر من ساغ بکاتەوە من بەدەمانچەکەی خۆم خۆم دەکوژم، بەڵام ئەگەر وانەبوو دەبێت باجەکەی بدەیت لەبەر ئەوەی من لەو پیاوانە نیم جورئەوتی ئەوەم نەبێت بەرگری لەخۆم بکەم و نەتوانم بەرگریش لەگەلەکەم بکەم، هەڕەشەش لەهیچ کەس قبوڵ ناکەم".

لەبارەی ئەوەش کە ئایا هەڕەشەی لێکراوە وتی، "بەڵێ جەنابی شێخ لاهور دەڵێت تۆ ناماقوڵیت کرد، خۆت ناماقوڵیت کرد لەبەر ئەوە من لەو جۆرە کەسانە نیم، بۆیە داوام لە کاک بەرهەم کرد کە تۆ سەرۆک کۆماری تەداخول لەو کێشەیەدا بکە، هەروەها کاک عەدنانی حەمەی مینا و هەمو خزمەکانم دەیزانێت، من 30ی 9ی 2018 دانم لەدەمما نەما و ژەهر خوارد کرام و چاک دەزانن کێیە ئەوان، وەرە لیژنەیەک بگرە بزانە من راست دەکەم یان درۆ بزانە کێن ئەوانەی منیان دەرمانخوارد کرد".

سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی لەسەر روداوێکی ساڵی 1993ش عەتا سەراوی باسی لەوەکرد، "من لەمێژوی خەباتی پێشمەرگایەتیم لەسەردەمی سەدام حسێن ئەگەر جگە لە فەرمانی لەسێدارەدانم هیچ مەلەفێکی دیکەم هەبووبێت ئەوە کاک بەرهەم شاهیدە، کاک نەوشیروان و مام جەلال شاهید بوون، ئەوان تۆمەتی ساڵی 1993یان داوەتە پاڵم ئەگەر من هەر تۆمەتێکم لەسەر بووبێت بۆ ساڵی 1995 مام جەلال منی کرد بەلیوا و فەرماندەیی بۆ منی کرد بەئەنجومەنی ناوەند بۆ ماوەی 10 ساڵ، بۆ جەنابی منی کرد بە ئەندامی سەرکردایەتی، شەرمەزارییە تۆمەت بۆ هاوڕێ و هاوخەباتەکانت هەڵبەستی".

ئەوەشی خستەڕو، "ئەو کێشانەی ئێستا باسیان دەکەم لەکۆبوونەوەکانی سەرکردایەتیش باسم کردون و بەکاک بافڵ، کاک قوباد، کاک لاهور و تەنانە بەکوڕەکانی کاک نەوشیروانیشم وتوە: تکایە جەنابی مام جەلال و کاک نەوشیروان وەفاتیانکردوە و لە 1964ەوە بزوتنەوەی کوردی لەتبووە زۆر بەداخەوە، جەلالی و مەلایی هەبووە زۆر بەداخەوە ئەگەر ئێوە وەک نەوەی مام جەلال و نەوشیروان مستەفا دەتوانن ئەم مەشخەڵەن هەڵگرن و وەک مێخەک بچەقن ئەوە تا مەلایی هەبێت، ئێمەش جەلالین، ئەگەر نا ئێوە وەک کوڕەکەی قازی محەمەد و شێخ مەحمود کەرێزم هەیە بۆیان ببنە موچەخۆری ماڵی مەلا مستەفا و لەکۆڵمان ببنەوە، بەڵام هەتا گروپێک هەبێت ناوی پارتی بێت، هێزێکیش هەیە ناوی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە وەک مێخەک لەسەر دڵی دوژمنەکانمان دەچەقێت، ئێمە ئەهلی تەسلیم بوون نین و مام جەلال ئاوای فێرکردوین".

ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی پەیوەست بە چۆنیەتی چارەسەری کێشەکانیش باسی لەوەکرد، "ئەگەر هاوسەرۆکایەتی یەکێتی مەبەستیان بێت لەماوەی سێ کاتژمێردا دەتوانن بڕیاری پێویست بدەن بۆ باشترکردنی دۆخی خەڵکی خۆمان، ئێمە دەتوانین بڵێین خەڵکینە ئێمە نەوت دز نین و نەوت لای ئێمە نیە، بەخەڵک دەڵێین ئێمە ئامادەین پێشمەرگە تەسلیم بکەین پارتی نایکات، بەخەڵک دەڵێین ئێمە لامەرکەزیمان قبوڵ پارتی قبوڵی نیە نەک بڕۆین لەشین و شایی بەشداربین لەگەڵیان ".

ئەوە لەکاتێکدایە دوێنێ عەتا سەراوی لەنامەیەکدا کەبۆ 46هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی بڵاویکردەوە رەخنەی لەهاوسەرۆکانی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی گرتبوو کە لەئاست جێبەجێکردنی بەڵێنەکان "بێ وەفا"بوون و باسی لەوەکردبوو، "لەدوای نەخۆش کەوتنی مام جه‌لال ئەومێژووە تاکۆنگرە بھێننە پێش چاوی خۆتان یەک بەیەک مان لەچ شەڕێک بووین، چ خەوێکمان بەنوێ بونەوە و گەڕانەوە بۆ پرەنسیپ و مەبادیئەکان و خاوەندارێتی یه‌كێتی لەلایەن خاوەنە رەسەنەکانی ده‌بینی".

باسی لەوەشکردبوو، "لێرەبەدوا ھیچ کارێکم نییە تەنھا کوتانی بازرگان و گەندەڵ و بێ وەفاو خراپەکارو ئەوانە نەبێ کە مێژومان ھەراج دەکەن، یه‌كێتی ھی ھیچ بەرپرس و بەناو سەرکردەیەک نییە ئەرکی خۆی نەزانێ،  46 ساڵ خوێن و فرمیسک 24 ھەزار شەھید، ھەزاران تێکۆشەر و پێشمەرگە خاوەندارێتی یه‌كێتی دەکەن بێدەنگ بوون لەھەر زیانێک بەم مێژوە خیانەتە".


PM:10:51:31/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 14412 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت