عەلی حەمە ساڵح: یەكێك لە دادوەرەكان بە نایاسایی لە پۆستەكەی ماوەتەوە



وێستگە نیوز-

پەرلەمانتارێكی گۆڕان رایدەگەیەنێت، یەکێک لەو دادوەرەی سزای شەش ساڵی دەستگیركراوەكانی بادینانی پەسەندکردوە، دەبوو خانەنشین بێت و بەنایاسایی تەمەنی کارکردنی درێژکراوەتەوە.. 


عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، دادوەر عەبدوڵا عەلی شەرەفانی، جێگری سەرۆکی دادگای پێداچونەوەو یەکێک لەو دادوەرانەی  سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی دەستگیکراوانی بادینانی پەسەندکرد، ساڵی ٢٠٢٠ تەمەنی ٦٥ ساڵی تێپەڕاند، بەیاسا دەبوو خانەنشین ببێت.. بەڵام بەشێوەی نایاسایی تەمەنی کاری دادوەری بۆ درێژکرایەوە.


ئاماژەی بەوەشكرد، لە ٢٠٢٠/٦/١١ سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری، لەسەر داوای دادوەر عەبدوڵا عەلی شەرەفانی، خزمەتەکەی وەک دادوەر درێژکردوەتەوە  تاوەکو ٢٠٢١/٧/٢١ . 


ئەو پەرلەمانتارە بەدواداچونەکانی لەبارەی ئەم دۆسیەوە رونكردەوەو وتی، 


یەک: ئەم فەرمانە نایاسایە، لەگەڵ دەرچونیدا پەیوەندیم بەوەزیری دارایییەوە کردو داوام لێکرد موچەی ئەم دادوەرانە ڕابگرێت،  

وتی: ھەوڵی خۆم دەدەم، بەڵام دواتر بەردەوام بوو !!! 

وەزیری دارای پێیڕاگەیاندم:  تاوەکو ئێستا سێ جار دژی بووین و ڕاشدەگەیەنین

.. 


دوو: 

لە ٢٠٢٠/٧/٧  دەستەی نەزاھەی کوردستان نوسراوی کردوە بۆ ئەنجومەنی دادوەری و تێدا ھاتوە: چەند فەرمانێکتان دەرکردوە بۆ درێژكردنەوەی خزمەتی چەند دادوەرێک، ئەم بڕیارە ھیچ پاڵپشتیەکی یاسایی نیە لە ھەرێمی کوردستان چونکە یاسای درێژکردنەوەی خزمەتی دادوەران کە لە فەرمانەکانتاندا ئاماژەتان پێداوە، لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسەند نەکراوە. 


دەستەی نەزاھە داوای ھەڵوەشاندنەوەی درێژکردنەوەی خزمەتی ئەو چەند دادوەرەی کردوە.. 


سێ:

بەپێ نوسراوێکی دیکەی سەرۆکی پەرلەمان بۆ سەرۆکایەتی ھەرێم، لە دوو پەڕەداو بەچەندین خاڵ ڕونکراوەتەوە کە ئەم درێژکردنەوەی خزمەتی دادوەریە کارێکی نایاسایە.. 


کە لە مانگی ٧ی ٢٠٢٠ دا نوسراوە، سەرۆکی پەرلەمان نوسیویەتی: بەڕێزتان و ئەنجومەنی دادوەری لەم یاسا شکێنی و بەھەند وەرنەگرتنی سیستمی فیدڕاڵی و قەوارەی ھەرێمی کوردستان و دەسەڵاتە تەشریعیەکانی ئاگادار دەکەینەوە..


دەشڵێت، ھەرچەندە ئێمە ھەمو ڕێککارێکی یاساییمان گرتە بەر، بەیاسا سەلمێندرا ئەم کارە نایاسایە، بەڵام دوانەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لەسەر یاسا شکێنی بەردەوام بوون. 


لەئەنجامدا بۆی دەركەوتووە كە ئەم دادوەرە دەبوو لە ٢٠٢٠/٧/١ خانەشین ببێت، بەڵام بەنایاسایی بەردەوام بوە لە کارەکەی.. کەواتە: پەسەندکردنی حوکمی سزادراوانی بادینانیش لەڕووی یاسایەوە گرفتی ھەیە، ئەم دادوەرە بۆی نیە بە یاسا لە کارکردندا بێت..



PM:03:58:07/05/2021








ئه‌م بابه‌ته 2672 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت