فازڵ نەبی: ھەفتەی داھاتوو دەست بە خەرجكردنی بودجە دەكرێت

‌فازڵ نەبی

وێستگە نیوز-

بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق دەڵیت، "حكومەتی عێراق ناتوانێ باج بخاتە سەر مووچە، بۆیە ھەفتەی داھاتوو دەست بە خەرجكردنی بودجە دەكرێت و پشكی ھەرێمی كوردستانیش رەوانە دەكرێت".


فازڵ نەبی، بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق وتی، "وەزیری دارایی عێراق نووسراوێكی بۆ ئەنجومەنی وەزیران ناردووە، كە باج لەسەر مووچەی فەرمانبەران دابنرێت، تەنھا ئەوانە نەبێت كە مووچەیان كەمە، بەڵام ئەمە پێچەوانەی یاسایە و ھیچ سەنەدێكی یاسایی نییە، بۆیە بڕیارەكە سەرناگرێت، چونكە پەرلەمانیش وەڵامیان داوەتەوە و ئەو داواكارییەیان ڕەت كردووەتەوە".

بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكوومەتی عێراق وتیشی، "ئێستا بودجە لە وەزارەتی داراییە و لەبەر ئەوەی پەرلەمان دەستكاریی زۆری دەق و ماددەكانی نێو بودجەی كردووە، پێداچوونەوەیەكی باشی دەوێت. من پەیوەندیم بە وەزارەتی داراییەوە كرد و ئەوان باسیان لەوە كرد، كە ئەم ھەفتەیە وەزارەتی دارایی لە پێداچوونەوە بە یاسای بودجە و دەركردنی رێنمایی تەواو دەبێت و ھەفتەی داھاتوو دەست بە خەرجكردنی دەكرێت".

نەبی باسی لەوەشكرد، "لەگەڵ خەرجكردنی بودجە، لە ھەفتەی داھاتوودا پشكی ھەرێمی كوردستانیش خەرج دەكرێت، چونكە پشكی ھەرێمی كوردستان ناردنی ئاسانە و تەنھا 250ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێم و نیوەی داھات، كە پارەكەی بۆ ئەم مانگە چەندە، حیساب دەكرێت و پشكی ھەرێم دیاری دەكرێت و پارەكە رەوانە دەكرێت، بۆیە كاتی زۆری وەكو پێشوو ناوێت و لە ماوەیەكی كەمدا خەرج دەكرێت، چونكە مانگانە بەپێی نرخی نەوت و داھاتی ھەرێمی كوردستان چەندە، ئەوەندە رەوانە دەكەن".


PM:01:42:17/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 2424 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو