بەشیر حەداد: دانانی باج لەسەر موچەی فەرمانبەران پێچەوانەی یاسای بودجەیە

‌بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

وێستگەنیوز-

دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق پێشنیازیکرد حکومەتی عێراق لەچوارچێوەی زیادکردنی داهاتی نانەوتیدا باج بخاتەسەر موچەی فەرمانبەران، بڕیارەکە ناڕەزایی پەرلەمانتارانی لێکەوتەوە و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش رایگەیاند، دانانی باج لەسەر موچەی فەرمانبەران نایاساییە و پێچەوانەی یاسای بودجەیە.

بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەپەڕەی فەرمی خۆی لەتویتەر ئاماژەی بەوەکردوە، پێشنیازەکەی وەزارەتی دارایی بۆ دانانی باج لەسەر موچەی فەرمانبەران و هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ژمارە (156) ـی رۆژی2016/6/7 کە ئەنجومەنی وەزیران پەسەندیکردوە و چالاکردنەوەی بڕیاری ژمارە (1) ـی ساڵی 2007 نایاساییە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، بەگوێرەی بڕیاری ژمارە (1) ـی ساڵی 2007 باج راستەوخۆ دەخرێتەسەر موچەی فەرمانبەران، ئەوەش پێچەوانەی یاسای بودجەی ساڵی 2021.

وەزارەتی دارایی عێراق لەدواین نوسراویدا کەواژۆی عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی لەسەرە پێشنیاز کراوە بۆ ئەمیندارێتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی ڕێنمایی دارایی ژمارە (1) ی ساڵی 2007 کارابکرێتەوە و لێبڕین لەسەر باجی بەدەستهاتوو لە كۆی داهاتی مانگانەی مووچە لەم مانگەوە بخرێتەبواری جێبەجێکردنەوە.

باس لەوەشکراوە، پێشنیاز دەکەن دانانی باج لەسەر سەرجەم داهاتی موچە بێت لەوانەش (مووچەی بنەڕەتی، دەرماڵە، هاندان، دەستكەوتی مانگانە، ساڵانە، پاداشت، ئیفاد و هەر داهاتێكی دیکە)  و بڕیارەکەش لەم مانگەوە بچێتەبواری جێبەجێکردەوە.

چاوەڕێ دەکرێت پێشنیازەکەی وەزارەتی دارایی کاردانەوەی ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمان ، شەقام و هێزە سیاسییەکانی لێبکەوێتەوە، بەتایبەت کە عێراق بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەخت هەنگاو دەنێت و زۆرێک لەهاوڵاتیان بەهۆی بڕیاری بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار لەکڕینی کاڵا و مامەڵەکانیان زیانمەند بوون و لایەنەکان نایانەوێت لەوەزیاتر رێکار بگیرێتەبەر کەزیان لە پێگەی جەماوەرییان بدات.

هـ.هـ


AM:11:20:17/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 2316 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت