نرخی نەوت لەبەرزترین ئاستدا جێگیربوو



وێستگه‌ نیوزـ

ئەمڕۆ هەینی 16ی نیسانی 2021، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە 67 دۆلار و  4 سەنتە، بەمەش بەراورد بە دوێنێ نزیکەی دوو دۆلار بەرزبووەتەوە و نرخی‌ بەرمیلێک نەوتی‌ خاوی ئەمریکیش بە 63 دۆلار و 55 سەنت مامەڵەی‌ پێوە دەکرێت.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ هەینی بەهای نەوت گەیشتە بەرزترین ئاست لەماوەی چوار هەفتەی رابردودا، هۆکارەکەشی بۆ داتاکانی ئابوری ئەمریکا دەگەڕێتەوە کەپێشبینی دەکات خواست لەسەر نەوت زیاتر بەرزببێتەوە، بەتایبەت بەردەوامی پێدانی ڤاکسینی کۆرۆنا لەو ماوەیەدا هۆکارێکی سەرەکی بووە بۆ بووژانەوەی ئابوری وڵاتان و دەستپێکردنەوەی چالاکییە پیشەسازییەکان.

بەگوێرەی شیکەرەوەکانی بازاری وزە لە ئەمریکا بەهۆی زیادبونی خواست و بەنزمی هێشتنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، پێشبینی دەکرێت تاکۆتایی ئەمساڵ نرخی نەوتی برێنت لەنێوان 70 بۆ 80 دۆلاردا جێگیربێت.

لە مانگی رابردوودا، نرخی نەوت بۆ سەروو 70 دۆلار بەرزبووەوە، کە یەکەمجاربوو لە دوای ئەوەی لە ساڵی رابردووەوە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لەکارکەوتنی کارگە گەورەکانی جیهان و راگرتنی جموجوڵی ئامێر و ئۆتۆمبێلەکان، نرخی نەوت بۆ نزمترین ئاستی لە مێژوویدا دابەزی.

لە ئازار و نیسانی ساڵی رابردووشدا، نرخی نەوتی خاوی برێنت بۆ خوار 25 دۆلار و نەوتی خاوی ئەمریکیش بۆ یەکەمجار لە مێژوودا بۆ 37 دۆلار لە خوار سفرەوە دابەزی.


AM:08:24:16/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 6444 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت